1هەلیلویا! بە هەموو دڵەوە ستایشی یەزدان دەکەم، لە ئەنجومەنی سەرڕاستان و لە کۆبوونەوەکان.
2کردارەکانی یەزدان مەزنن، هەموو ئەوانەی لێی ورد دەبنەوە خۆشی لێ دەبینن.
3بەرز و شکۆمەندە کردارەکانی، ڕاستودروستییەکەشی هەتاهەتایە چەسپاوە.
4وای کردووە کارە سەرسوڕهێنەرەکانی یاد بکرێنەوە، یەزدان میهرەبان و بە بەزەییە.
5خواردن دەداتە ئەوانەی لێی دەترسن، هەمیشە پەیمانی خۆی لەبیرە.
6هێزی کردارەکانی خۆی نیشانی گەلەکەی داوە، بەوەی کە میراتی نەتەوەکانی پێداون.
7کردارەکانی دەستی دڵسۆزی و دادپەروەرییە، ڕێنماییەکانی جێی متمانەن،
8هەتاهەتایە چەسپاون، بە دڵسۆزی و سەرڕاستی دروستکراون.
9کڕینەوەی بۆ گەلی خۆی نارد، فەرمانی هەتاهەتایی بۆ پەیمانەکەی داوە، پیرۆز و سامناکە ناوی.
10لەخواترسی سەرەتای داناییە، تێگەیشتنێکی باشە بۆ هەموو ئەوانەی کار بە ڕێنماییەکانی دەکەن. ستایشکردن بۆ ئەوە هەتاهەتایە چەسپاوە.