1گۆرانی گۆرانییەکانی سلێمان.
2با بە ماچەکانی دەمی ماچم بکات، چونکە ئەوینی تۆ لە شەراب خۆشترە.
3بۆنی عەترەکەت خۆشە؛ ناوت عەتری پرژاوە، مایەی سەرسوڕمانی نییە کە پاکیزەکان تۆیان خۆشدەوێ.
4پەلم بگرە و با پێکەوە بڕۆین! با پاشا بمهێنێتە ناو ژوورەکەی خۆی. شاد و دڵخۆش دەبین پێت، لە شەراب زیاتر یادی ئەوینی تۆ دەکەینەوە. بەڕاستی تۆیان خۆشدەوێ.
5ئەی کچانی ئۆرشەلیم، من ئەسمەرێکی جوانم، وەک ڕەشماڵەکانی قێدار، وەک نێوبەندی ڕەشماڵەکانی سلێمان.
6تەماشام مەکەن کە من ئەسمەرم، ئەوە خۆر لێیداوم. کوڕانی دایکم لە من تووڕە بوون، منیان کردە چاودێری ڕەزەمێو، لەبەر ئەوەی ناچار کرام، چاودێری ڕەزەمێوەکەم نەکرد.
7ئەی خۆشەویستی گیانم، پێم بڵێ، لەکوێ مێگەلی خۆت دەڵەوەڕێنیت، کاتی نیوەڕۆش پشتیری مەڕەکانت لەکوێیە؟ بۆچی وەک پەچەکراوێک بم، لەلای مێگەلی هاوڕێیەکانت؟
8ئەی جوانترینی نێو ئافرەتان، ئەگەر نازانیت بە شوێن پێی مەڕاندا بڕۆ و کارەبزنەکانت بلەوەڕێنە لەلای نشینگەی شوانەکان.
9یارەکەم، بە ئەسپێک لە گالیسکەکانی فیرعەون لێکم چوواندی،
10گۆنات بە خشڵەوە جوانە، گەردنت بە گەردانەوە.
11خشڵی زێڕت بۆ دەکەین، لەگەڵ نقێمی زیو.
12هەتا پاشا لە کۆڕی خۆیەتی، ناردینی من بۆنی خۆی بڵاو دەکاتەوە.
13دڵدارەکەم چەپکێک موڕە کە لەنێو مەمکەکانم شەو بەسەردەبات.
14دڵدارەکەم هێشووی خەنەیە لەناو ڕەزەمێوەکانی کانی گەدی.
15ئەی یارەکەم، تۆ چەند جوانیت، چەند جوانیت! چاوەکانت کۆترن.
16ئەی دڵدارەکەم، تۆش چەند قۆزیت، چەند شیرینیت! جێگاکەمان سەوزە.
17کاریتەی خانووەکەمان لە داری ئورزە، تەختەدارەکانی سەروون.