1زەبوورێک گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن، گۆرانییەکی نوێ، چونکە کاری سەرسوڕهێنەری کردووە. دەستی ڕاست و بازووی پیرۆزی، سەرکەوتنیان بۆ بەدەستهێناوە.
2یەزدان ڕزگاریی خۆی ڕاگەیاند، ڕاستودروستییەکەی بۆ گەلان دەرخست.
3خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی و دڵسۆزییەکەی، بەیادهێنایەوە بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل. هەموو زەوی هەتا ئەوپەڕی دنیا، ڕزگاریی خودای ئێمەیان بینی.
4ئەی سەراپای زەوی هاواری شادی بکەن بۆ یەزدان، بە دەنگی بەرز گۆرانی بڵێن و هەلهەلە لێ بدەن.
5بە قیسارە مۆسیقا بۆ یەزدان بژەنن، بە قیسارە و دەنگی گۆرانی.
6بە زوڕنا و دەنگی کەڕەنا، هاواری شادی بکەن بەرامبەر بە یەزدانی پاشا.
7با دەریا و هەرچی تێیدایە، با جیهان و دانیشتووانی بخرۆشێن.
8با ڕووبارەکان چەپڵە لێبدەن و هەموو چیاکان هەلهەلە لێبدەن،
9لەبەردەم یەزدان، چونکە دێت بۆ ئەوەی دادوەری زەوی بکات، بە ڕاستودروستی دادوەری جیهان دەکات، گەلانیش بە دادپەروەری.