1بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، هۆنراوەیەکی کوڕانی قۆرەح چۆن ئاسک بە پەرۆشە بۆ ئاوی ڕووبار، ئەی خودایە، گیانی منیش بە پەرۆشە بۆ تۆ.
2گیانم تینووی خودایە، خودای زیندوو. کەی دێم و بە دیداری خودا شاد دەبم؟
3بە شەو و ڕۆژ فرمێسکەکانم بوون بە خۆراکم، لە کاتێکدا بە درێژایی ڕۆژ پێم دەڵێن: «کوا خوداکەت؟»
4هەناوم دەتوێتەوە ئەو کاتەی دێتەوە یادم: چۆن لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکدا دەڕۆیشتین، بەرەو ماڵی خودا پێشڕەویانم دەکرد، بە هەلهەلە و ستایشکردنەوە لەناو کۆمەڵی جەژنگێڕان.
5ئەی گیانی من بۆچی خەمباریت؟ بۆ لە ناخمدا پەرێشانیت؟ ئومێدت بە خودا هەبێت، چونکە هەر ستایشی ئەو دەکەم، ئەو ڕزگارکەر و خودامە.
6گیانم خەمبارە لە ناخم، بۆیە یادت دەکەمەوە لە لای ڕووباری ئوردون، لە بەرزاییەکانی حەرمۆنەوە، لە کێوی میچعارەوە.
7قووڵایی بانگی قووڵایی دەکات، بە دەم خوڕەی تاڤگەکانتەوە، هەموو شەپۆلەکانت و تەوژمەکانت بەسەرمدا کەوتوون.
8بە ڕۆژ یەزدان خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی ئاراستە دەکات، بە شەویش سروودی ئەو لەسەر لێومە، نوێژێکە بۆ خودای ژیانم.
9خودا، کە تاشەبەردی منە، پێی دەڵێم: «بۆچی لە یادت کردووم؟ بۆچی دەبێت بناڵێنم، بچەوسێمەوە بە دەست دوژمنانم؟»
10بە تێکشکانی ئێسقانەکانم ناحەزانم توانجم تێدەگرن، بە درێژایی ڕۆژ پێم دەڵێن: «کوا خوداکەت؟»
11ئەی گیانی من بۆچی خەمباریت؟ بۆ لە ناخمەوە پەرێشانیت؟ ئومێدت بە خودا هەبێت، چونکە من هەر ستایشی ئەو دەکەم، ئەو ڕزگارکەر و خودامە.