1بۆچی نەتەوەکان دەوروژێن و گەلان پیلان لە شتی پووچ دەگێڕن؟
2پاشایانی زەوی خۆیان ڕێک دەخەن، سەرۆکەکانیان پێکەوە کۆدەبنەوە لە دژی یەزدان و مەسیحەکەی و دەڵێن:
3«با کۆتەکانیان بشکێنین و زنجیرەکانیان لە خۆمان بکەینەوە.»
4ئەوەی لە ئاسمان دانیشتووە پێدەکەنێت، پەروەردگار گاڵتەیان پێ دەکات.
5ئینجا بە تووڕەیی خۆی قسەیان بۆ دەکات، بە هەڵچوونی خۆی دەیانتۆقێنێت:
6«من پاشای خۆمم لەسەر سییۆن داناوە، لەسەر کێوی پیرۆزی خۆم.»
7من فەرمانی یەزدانتان پێ ڕادەگەیەنم: پێی فەرمووم: «تۆ کوڕی منی، من ئەمڕۆ بوومە باوکت.
8داوام لێ بکە، نەتەوەکان دەکەم بە میراتت، ئەوپەڕی زەوی دەکەم بە موڵکی تۆ.
9بە گۆچانێکی ئاسنین دەیانشکێنیت و وەک گۆزەیەکی گڵین وردوخاشیان دەکەیت.»
10بۆیە، ئەی پاشایان، وریابن، سەرۆکەکانی زەوی، ئاگاداربن.
11بە ترسەوە یەزدان بپەرستن، بە لەرزەوە دڵخۆش بن.
12کوڕەکە ماچ بکەن، نەوەک تووڕە ببێت و لە ڕێگای خۆتان بفەوتێن، چونکە تووڕەیی ئەو زوو دێتە جۆش. خۆزگە دەخوازرێ بە هەموو ئەوانەی پەنا دەبەنە بەر ئەو.