1زیو کانی هەیە و بۆ زێڕیش شوێنێک هەیە بۆ پاڵاوتنی.
2ئاسن لە خۆڵ دەردەهێنرێت، مسیش لە توانەوەی بەرد.
3مرۆڤ کۆتایی بە تاریکی دەهێنێت؛ لەناو تاریکی سێبەری مەرگ بۆ بەردی کانزایی دوورترین کون و کەلەبەرەکان دەپشکنن.
4کانێکی لێدا دوور لە خەڵکی، لە شوێنێکی لەبیرکراو لەلایەن ڕێبوارانەوە؛ شۆڕ کرانەوە و دوور لە خەڵکی جۆلانەیان پێکرا.
5زەوی ئەوەی کە نانی لێوە دەردەهێنرێت، لە ژێرەوە دەگۆڕدرێت بە چەشنی ئاگر؛
6بەردەکانی یاقووتی شینی تێدایە و لە خۆڵەکەیدا زێڕ هەیە.
7ڕێگایەک کە مەلە گۆشتخۆرەکان پێی نازانن و چاوی هەڵۆ نایبینێت.
8ئاژەڵە دڕندەکان پێیدا نەڕۆیشتوون، شێر پێیدا تێنەپەڕیوە.
9مرۆڤ دەستدرێژی دەکاتە سەر بەرد، بنکەی چیاکان دەردەخات.
10لە تاشەبەردەکان تونێل دەکات؛ چاوەکانی هەموو شتێکی گرانبەها دەبینێت.
11ئاودزی ڕووبارەکان دەپشکنێت و ئەوەی شاراوەیە دەیخاتە بەر ڕووناکی.
12بەڵام دانایی لەکوێ دەدۆزرێتەوە و تێگەیشتن لەکوێ نیشتەجێیە؟
13مرۆڤ نرخەکەی نازانێت و لە خاکی زیندوواندا نادۆزرێتەوە.
14قووڵایی ژێر زەوی دەڵێت: «لەناو مندا نییە،» دەریا دەڵێت: «لەلای من نییە.»
15دانایی نە زێڕی بێگەرد لە جیاتی دەدرێت و نە بە زیویش نرخەکەی دەکێشرێت.
16نە بە زێڕی ئۆفیر و نە بە بەردی عاشقبەندی گرانبەها و نە بە یاقووتی شین دەکێشرێت.
17نە زێڕ و نە بلور هاوتایەتی، نە بە دەفرێکی زێڕی بێگەرد دەگۆڕدرێتەوە.
18لە پاڵ ئەودا نە مەرجان و نە یەشب باسیان ناکرێت و نرخی دانایی لە یاقووت بەهادارترە.
19یاقووتی زەردی کوش هاوتای نابێت و بە زێڕی بێگەرد ناکێشرێت.
20ئیتر دانایی لەکوێ دەدۆزرێتەوە و تێگەیشتن لەکوێ نیشتەجێیە؟
21لەبەرچاوی هەموو زیندووێک شاراوەیە و لەبەرچاوی باڵندەکانی ئاسمان داپۆشراوە.
22لەناوچوون و مردن دەڵێن: «بە گوێی خۆمان هەواڵی ئەومان بیست.»
23خودا ڕێگاکەی تێدەگات و ئەو شوێنەکەی پێ دەزانێت.
24لەبەر ئەوەی ئەو تەماشای ئەوپەڕی زەوی دەکات و هەموو ژێر ئاسمان دەبینێت.
25کاتێک کێشی بۆ با دروستکرد و ئاوەکانی بە پێوانە پێوا،
26کاتێک بۆ باران یاسای دانا و بۆ دەنگی هەورەتریشقەش ڕێگا،
27ئەو کاتە دانایی بینی و باسی کرد، ئامادەی کرد و هەروەها تاقی کردەوە.
28بە مرۆڤی فەرموو: «بێگومان دانایی لە لەخواترسییەوەیە و لە خراپە لادانیش لە تێگەیشتنەوەیە.»