1چڵێک لە بنەداری یەسا دەردەچێت، لقێکی نوێ لە ڕەگەکەیەوە دەڕوێت.
2ڕۆحی یەزدان لەسەری دەنیشێتەوە، ڕۆحی دانایی و تێگەیشتن، ڕۆحی ڕاوێژ و ئازایەتی، ڕۆحی زانین و لەخواترسی،
3بە لەخواترسی شادمان دەبێت. بەگوێرەی بینینی چاوی خۆی دادوەری ناکات، بەگوێرەی بیستنی گوێی خۆی بڕیار نادات،
4بەڵکو بە ڕاستودروستی دادوەری بۆ هەژاران دەکات و بە ڕاستی بڕیار بۆ نەدارانی جیهان دەدات. بە داردەستی دەمی لە زەوی دەدات، بە بای لێوەکانی بەدکاران دەکوژێت.
5ڕاستودروستی دەبێتە پشتێن و دڵسۆزیش دەبێتە کەمەربەند بە ناوقەدیەوە.
6گورگ لەگەڵ بەرخ نیشتەجێ دەبێت، پڵنگ لەگەڵ کارەبزن پاڵ دەداتەوە، گوێرەکە و بەچکە شێر و دابەستە پێکەوەن و منداڵێکی بچووک بەڕێوەیان دەبات.
7مانگا و ورچ پێکەوە دەلەوەڕێن، بێچووەکانیان پێکەوە پاڵ دەدەنەوە، شێر وەکو گا کا دەخوات.
8کۆرپەی شیرەخۆرە لەسەر کونی ماری کۆبرا یاری دەکات، لەشیربڕاوە دەست دەباتە ناو کونی مارەوە.
9خراپە و گەندەڵی ناکەن لە هەموو کێوی پیرۆزم، چونکە زەوی پڕ دەبێت لە ناسینی یەزدان هەروەک ئاو دەریا دادەپۆشێت.
10لەو ڕۆژەدا ڕەگەکەی یەسا کە چەقاوە وەک ئاڵای گەلان، نەتەوەکان داوای ئەو دەکەن و شوێنی حەوانەوەی شکۆدار دەبێت.
11لەو ڕۆژەدا پەروەردگار دووبارە دەستی درێژ دەکاتەوە بۆ کڕینەوەی پاشماوەی گەلەکەی خۆی، ئەوەی ماوەتەوە لە ئاشور، لە پاشایەتی باکووری میسر و پاشایەتی باشووری میسر، لە کوش، ئیلام، بابل، حەمات و لە دوورگەکانی دەریا.
12ئاڵایەک بۆ نەتەوەکان بەرز دەکاتەوە و دوورخراوەکانی ئیسرائیل کۆدەکاتەوە، پەرتەوازەکانی یەهودا خڕدەکاتەوە لە هەر چوار لای زەوییەوە.
13بەغیلی ئەفرایم نامێنێت و هەراسانی یەهوداش دەبڕدرێتەوە، ئەفرایم بەغیلی بە یەهودا نابات و یەهوداش ئەفرایم هەراسان ناکات.
14پێکەوە ڕووەو دەریا بەلای زوورگەکان پەلاماری فەلەستییەکان دەدەن و خەڵکی ڕۆژهەڵات تاڵان دەکەن. ئەدۆم و مۆئاب ژێردەستەیان دەبن، عەمۆنییەکانیش گوێڕایەڵیان دەبن.
15یەزدان کەنداوی دەریای میسر تێکوپێک دەدات، بە بایە سووتێنەرەکەی دەستی ڕادەوەشێنێت بەسەر فوراتدا، لێی دەدات و دەیکاتە حەوت جۆگە بە پێڵاوەوە بەناویدا دەڕۆن.
16دەبێت بە ڕێگا بۆ پاشماوەی گەلەکەی ئەوانەی لە ئاشور دەمێننەوە وەک ئەوەی بۆ ئیسرائیل بوو لەو ڕۆژەی لە خاکی میسرەوە هاتنە دەرەوە.